بە پێشنیاری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، کاتی بەڕێکردن و پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی کێلێ درێژ دەکرێتەوە.
ئەمڕۆ هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، بە پێشنیاری هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، بڕیار دراوە بە درێژکردنەوەی کاتی پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە دەروازەی سنووریی کێلێ، ئەمەش لە پێناو ئاسانکاریکردنی زیاتر و ڕاکێشانی گەشتیاران بۆ ناوچەکە.
لە ئێستادا کاتی هاتووچۆی گەشتیاران لە کاتژمێر 08:00ی بەیانی تاوەکو 02:00ی پاشنیوەڕۆیە.
هیوا قەرەنی ئاماژەی بەوە کرد، بەپێی بڕیارە نوێیەکە کاتەکەی درێژ دەکرێتەوە بۆ 08:00ی بەیانی تاوەکو 06:00ی ئێوارە، هەروەها بڕیارەکە لە هەفتەی داهاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین ڕوونی کردەوە، بەهۆی کارە بەردەوامەکانی ڕێکخستن و فراوانکردنی دەروازەکە، لە ئێستادا تەنیا دەرفەتی ئەوە هەیە کاتەکە بۆ 04:00ی ئێوارە درێژ بکرێتەوە، لە قۆناغی دواتردا بەپێی پلانەکە کاتەکەی بۆ 06:00ی ئێوارە دەگۆڕدرێت.
دەروازەی سنووریی کێلێ دەکەوێتە سنووری قەزای پشدەر لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، هاوسنوورە لەگەڵ شاری سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.