کەمێک لەمەوبەر، باڵەخانەیەکی تەواونەکراوی یەک نهۆمی لە گەڕەکی منارەی شاری هەولێر ڕووخا و بەهۆیەوە سێ کرێکار بریندار بوون.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، ڕووداوەکە لە کاتی کارکردندا بووە و هیچ گیانلەدەستدانێکی لێ نە کەوتووەتەوە، بەڵکو تەنیا چەند کەسێک بریندار بوون و لە ئێستاشدا تیمەکانیان لێکۆڵینەوەیان دەست پێکردووە.
هاوکات خاوەنی باڵەخانەکە بۆ پایتەخت میدیا ئاشکرای کرد، بەهۆی ڕووداوەکەوە سێ کرێکار بریندار بوون و گوتیشی: "زیانە مادییەکانیش بە قوربانی کرێکارەکان بێت."
بەپێی زانیارییەکانی کەیفی مەلا حەسەن، پەیامنێری پایتەخت میدیا، تیمەکانی تەندروستی هەر سێ بریندارەکەیان ڕەوانەی نەخۆشخانە کردووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر.