ئاڵۆزبوونی دۆخی ئەمنی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتی چەندین هێڵی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان.
بەپێی خشتەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی (تورکیش ئێرلاین، ئەی جێت و پێگاسۆس) سەرجەم گەشتەکانی ئەمڕۆیان هەڵوەشاندووەتەوە، هاوکات لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی جەلال تاڵەبانی گەشتەکانی کۆمپانیای (ئەی جێت) هەڵوەشێنراونەتەوە.
لاوەند مەمووندی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل بە پایتەخت میدیا ڕایگەیاند، کۆمپانیاکەیان ئەمڕۆ چوار گەشتی بۆ دەرەوەی وڵات هەیە و دوو گەشتیان لە ئاسماندان و دووەکەی دیکەش بۆ ئێوارە ئەنجام دەدرێن.
بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای ئەربیل دڵنیایی بە گەشتیاران دەدات، تاوەکو ئاسمانی عێراق و هەرێمی کوردستان کراوە بێت، گەشتەکانیان بەردەوام دەبن.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە چوارچێوەی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران، 10 درۆن ئاراستەی ئاسمانی پارێزگای هەولێر کران.