پەرەسەندنێکی نوێی سەربازی لە نێوان ئێران و ئەمریکا سەریهەڵدایەوە و هەردوولا بە زنجیرەیەک هێرش وەڵامی یەکتریان دایەوە، ئێرانیش هەڕەشەی نوێ لە وڵاتانی دراوسێ دەکات.

یەدۆڵا جاوانی، بەرپرسێکی باڵای سوپای پاسداران بە وڵاتانی عەرەبی ڕاگەیاندووە، یان هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکانیان دەر بکەن یان ڕووبەڕوووی هێرشی بەردەوامی سوپاکە دەبنەوە. جەختیش دەکاتەوە کە "باشترە هێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتەکەتان دەرببکەن و بنکە سەربازییەکانی خۆتان وەربگرنەوە."

ئەم بەرپرسەی سوپای پاساداران هۆشداری داوە لەوەی سوپای پاسداران سەلاماندوویەتی لە تۆڵەکردنەوەی هەر ناوچەیەک کە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار هاتووە، بەتایبەتی ئوردن، کوەیت و بەحرەین.


 بەگوێرەی پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمریکی، دوێنێ شەو ئەمریکا زیاتر لە 100  ئامانجی لە ئێران پێکاوە، کە بریتی بوون لە پێگەکانی سوپای پاسداران، سیستمی ڕادار، تواناکانی ئێران لە چاندنی مینی دەریایی، ناوەندی پەیوەندی، ناوەندی هەڵدانی موشەک و درۆن.

لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پارێزگاکانی هورمزگان و خوزستان، 11 کەس کوژران و 50 کەسی دیکەش بریندار بوون، لە هێرشێکی دیکەدا بۆ سەر ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە سیریک، 4 کەس کوژران و 70 کەسی دیکەش بریندار بوون.

لە وەڵامی ئەم هێرشانەدا سوپای پاسداران بۆردوومانکردنی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکای لە ئوردن ڕاگەیاند و بەگوتەی سوپاکە، ژمارەیەکی زۆری سەربازی ئەمریکی کوژران و چەندین هێلیکۆپتەری سەربازیش لەناوبردران.