مەفرەزەکانی بەشی نەهێشتنی تاوانی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکیان بە تۆمەتی دزینی بڕێک پارە لە ناو پاسێکی گشتیدا دەستگیرکرد.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق توانیویانە تۆمەتبارێک بە ناوی (ک، س، ع) لەدایکبووی ساڵی 1999 دەستگیر بکەن، ئەم تۆمەتبارە پێشتر لە ناو پاسێکی گشتیدا بڕی 5 ملیۆن و 60 هەزار دیناری عێراقی لە جانتای هاووڵاتییەک دزیبوو، کە خاوەنەکەی بۆ دانەوەی قەرزی کارەبا تەرخانیکردبوو.

 

دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، هێزەکانی پۆلیس بەدواداچوونی وردی مەیاندانییان ئەنجامدا، توانیان ناسنامەی تۆمەتبارەکە ئاشکرا بکەن و لە ماوەیەکی کورتدا دەستگیری بکەن، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت تۆمەتبارەکە پارە دزراوەکەی لە پارکێکی نزیک ماڵی خۆی شاردبووەوە، هێزەکانی پۆلیس دەستیان بەسەر تەواوی بڕە پارەکەدا گرتەوە و ڕادەستی خاوەنەکەیان کردەوە.

 

تۆمەتبارەکە لە ئێستادا بە پێی ماددەی 450 لە یاساي سزادانی عێراقی بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی ڕوودانی هەر دۆخێکی هاوشێوەدا خێرا هێزەکانی تەناهی ئاگادار بکەنەوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.