دەستەی دەسپاکی عێراق ڕێگری لە بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆر لە سامانی گشتی کرد لە کاتی کڕین و فرۆشتنی زەوییەکی گرنگ لە پارێزگای ئەنبار.
ئەمڕۆ دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عێراق ڕایگەیاند، ڕێگری لە بەفیڕۆدانی 19 ملیار و 250 ملیۆن دینار کردووە، پاش ڕاگرتنی ڕێکارەکانی فرۆشتنی زەوییەکی 550 دۆنمی لە ئەنبار، ئەم زەوییە دەکەوێتە سنووری گەشەپێدانی داهاتووی شاری ڕومادی و بە نرخێکی زۆر کەمتر لە بەهای ڕاستەقینەی خۆی بۆ فرۆشتن داندرابوو.
تیمی مەیدانی فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار بۆیان دەرکەوت زەوییەکە بە 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار بە هاووڵاتییەک فرۆشراوە، لە کاتێکدا بەهای ڕاستەقینەی 33 ملیار دینارە، بەپێی ڕێنماییەکانی باجی ساڵی 2024، بەهای هەر دۆنمێک بە 60 ملیۆن دینار خەمڵێندراوە، بەڵام لیژنەی خەمڵاندنی فەرمانگەی خانووبەرەی دەوڵەت نرخەکەی بە تەنها 25 ملیۆن و 90 هەزار دینار دیاری کردبوو.
دادوەری لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی دەسپاکی لە ئەنبار، فەرمانی ڕاگرتنی فرۆشتنی زەوییەکەی دەرکرد و دۆسیەکەی بۆ لێکۆڵینەوەی ورد ڕەوانەی بەشی وردبینی دەرەکی کرد، هەروەها بڕیار درا گوتەی نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەکانی خانووبەرەی دەوڵەت، تۆماری خانووبەرە و باجی گشتی وەربگیرێت.
فەرمانگەکانی حکومەت بە هەماهەنگی دەستەی دەسپاکی بەردەوام چاودێری مەلەفی زەوی و زارەکانی دەوڵەت دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە گەندەڵی، زۆرجار بەهۆی خەمڵاندنی نادروست، زەوییەکانی سەر بە دەوڵەت بە نرخی زۆر هەرزانتر بە وەبەرهێنەران یان هاووڵاتیان دەفرۆشرێن.