بارستە هەوایەکی فێنک لە دەریای ناوەڕاستەوە ڕوو لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەم بارستە هەوایە دەبێتە هۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بە ڕێژەی 5 بۆ 7 پلەی سیلیزی.

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم و شارەزایانی کەشناسی ئاراس جەبار و هەڤاڵ سه‌دیق گەڵۆزی پێشبینییەکانیان بڵاو کردەوە.

 

بەپێی پێشبینییەکان، تا کاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ کەشێکی ناسەقامگیر لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێم بەردەوام دەبێت، ئەم دۆخە خۆی لە هەورەبروسکەی بەهێز، نمەباران و لە هەندێک شوێنیش تاوەبارانی بەخوڕ دەبینێتەوە.

 

هاوکات خێرایی با لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەی ڕاپەڕین و بەشێک لە گەرمیان و سۆران زیاد دەکات، خێرایی بای باکووری خۆرئاوا لە هەندێک کاتدا 60 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا تێ دەپەڕێنێت.

 

ئەم چالاکبوونەی بایە دەبێتە هۆی دروستبوونی تەپوتۆزی ناوخۆیی و خۆڵبارین لە هەندێک ناوچەی جیاوازدا. کەشناسەکان ئاماژە بەوە دەدەن، كه‌ ئەم کەشە ناسەقامگیرە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە کۆتایی پێ دێت.

 

بۆ سبەی دووشەممە، کەشوهەوا جێگیر دەبێت و ئاسمانی هەرێم بە زۆری ساماڵ دەبێت، بەهۆی جێگیربوونی بارستە هەوا فێنکەکە، پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە دابەزین دەکەن.

 

پێشبینی دەکرێت بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەی بەم شێوەیە بێت: سلێمانی 32، هەولێر 34، دهۆک 33، کەرکووک 35، هەڵەبجە 35 و گەرمیان 36 پلەی سیلیزی.

 

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن: "کاریگەری ئەم هەوا فێنکە تا ڕۆژی پێنجشەممە 3ی ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبێت، لە هەندێک ناوچەی ساردی شاخاویشدا هەست بە سەرما دەکرێت."

 

ئاماژە بەوەش کراوە کە لە 10 ڕۆژی داهاتوودا، نیشانەکانی پاییز دەردەکەون و وەرینی گەڵای دارەکان دەست پێدەکات.