ڕێبەری باڵای ئێران بەبۆنەی هەفتەی یەکێتیی ئیسلامییەوە پەیامێکی گرنگی ئاڕاستەی گەلانی موسڵمان کرد، لەم پەیامەدا جەخت لەسەر پێویستیی یەکگرتوویی و تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان لە نێوان وڵاتانی ئیسلامیدا کراوەتەوە.
ئەمڕۆ موجتەبا خامنەیی، ڕێبەڕی باڵای ئێران لە پەیامێکدا بە بۆنەی هەفتەی یەکێتیی ئیسلامییەوە ڕایگەیاند، یەکێتیی موسڵمانان ستراتیژێکی قورئانییە و تەنها بابەتێکی کاتیی نییە، ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی عەرەبی پێویستە دوژمنی ڕاستەقینەی خۆیان بناسن و لە دژی بوەستنەوە.
بەپێی پەیامەکەی موجتەبا خامنەیی، تەنها بە یەکگرتوویی و هاوکاری دەتوانرێت کێشەکانی جیهانی ئیسلامی چارەسەر بکرێن، له بەشێکی تری پەیامەکەدا هاتووە، دوژمنان هەوڵی گەورەکردنی جیاوازییە نەتەوەیی، کولتووری و ئابوورییەکان دەدەن بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە نێوان گەلاندا.
ڕێبەری باڵای ئێران لەم پەیامەدا جەختی لەسەر سێ وانەی سەرەکی کردووەتەوە: دوورکەوتنەوە لە ناکۆکی، بەرگریکردن لە یەکتر لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییە زانستی و ئابوورییەکانن بۆ گەیشتن بە شارستانییەتێکی پێشکەوتوو.
مێژووی ڕاگەیاندنی هەفتەی یەکێتیی ئیسلامی لە ئێران بۆ ساڵی 1978 دەگەڕێتەوە، دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی 1979، ئەم بۆنەیە بە فەرمی لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە جێگیر کرا و هەموو ساڵێک لە نێوان 12 تا 17ی ڕەبیع ئەوەڵ بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی بەهێزکردنی یەکڕیزی و نزیککردنەوەی نێوان مەزهەبە جیاوازەکانی موسوڵمانان.