ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایش جەختی لە ڕێگەی دیپلۆماسی بۆ چەکداماڵانی گرووپە میلیشاکانی وڵاتەکە کردەوە، هێزەکانی پێشمەرگەشی 'لە چوارچێوەی دەستوور' لە قەڵەم دا.

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلجەزیرە ڕایگەیاند، گفتوگۆکان بۆ چەکداماڵینی گرووپەکان لە عێراق بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە پرۆسەکە ئاسانتر و لەبارتر دەبێت ئەگەر هێزە هاوپەیمانەکان بەتەواوی لە عێراق بکشێنەوە.


قاسم ئەعرەجی ئاماژەی بە پەیوەندی ئێران و ئەمریکا لەگەڵ عێراق دا و گووتی" "ئێران و ئەمریکا هاوڕێی عێراقن، بەڵام بەرژەوەندی عێراق لە سەرووی هەموویانەوەیە." بۆیە جەختی لە توانای بەغدا کردەوە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە حزبییەکان تا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکەن و پڕۆسەی چەکداماڵینەکە بەبێ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی جێبەجێ بکرێت.

لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵی ئەلجەزیرەدا لەبارەی ئەوەی ئایا چەکداماڵین هێزەکانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە؟ ئەم ڕاوێژکارەی عێراق گووتی: "چەکداماڵین تەنیا ئەو هێزانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەستوورن، بەڵام چەکی پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستوورە، بۆیە هێزەکانی پێشمەرگە ناگرێتەوە."

ئەمە لە کاتێکدایە، وابڕیارە 30 مانگی 9ـی ئەمساڵ هێزەکانی هاوپەیمان بەتەواوی لە عێراق بکشێنەوە و گرووپە چەکدارەکانی عێراقیش، جێبەجێبوونی ئەم پڕۆسەیەیان کردووە بە مەرجی سەرەکی ڕادەستکردنی چەکەکانیان.