بە مەبەستی ڕێگریکردن لە زیانگەیاندنی تاران بە هەرێمی کوردستان، حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران هیچ چالاکییەکی سەربازی لە خاکی هەرێمەوە بەرامبەر ئێران ئەنجام نادات.
خالید عەزیزی، گوتەبێژی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕوونیکردەوە، بەرەی ڕاستەقینەی خەباتی ئەوان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان ناکەنە پشتی بەرەی شەڕ، هەروەها لە خاکی هەرێمەوە هیچ هێرشێک ناکەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.
گوتەبێژی حزبی دیموکرات جەختی لەوە کردەوە، هەوڵیان داوە نەبنە بیانوو بۆ تاران تا زیان بە هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.
خالید عەزیزی باسی لەوە کرد، سەرەڕای مووشەکبارانکردنی بنکەکانیان و تیرۆرکردنی دکتۆر قاسملوو و دکتۆر شەرەفکەندی، خەڵکی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی سەرەکی خەباتی ئەوانن.