ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستاندا بۆ نزیکەی 230 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز دەبێتەوە و کۆمپانیا بیانییەکان چالاکییەکانیان لە کێڵگە نەوتییەکاندا دەست پێ دەکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان و ئاستی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی نەوت گەیشتووەتە نێوان 220 بۆ 230 هەزار بەرمیل.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، زۆربەی کێڵگە نەوتییەکان بە تەواوی کەوتوونەتەوە کار و بەرهەم ێنانیان دەستپێکردووەتەوە، تەنها کێڵگەی سەرسەنگ نەبێت، بەهۆی هێرشی درۆنییەوە زیانی بەرکەوتووە و هێشتا دەستی بە کار نەکردووەتەوە.
لە بارەی کێشەی دابینکردنی بەنزینەوە، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕوونی کردەوە، تێچووی پاڵاوتنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێم بە 16 دۆلارە، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی تێچووی پاڵاوتنی نەوت بۆ پاڵاوگەکانی هەرێم بە چوار دۆلار هەژمار بکات هاوشێوەی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، دەتوانن لیتری بەنزین بە 450 دینار بدەنە هاووڵاتییان، هەروەها بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی نێوخۆیی پێویستە ئاستی پاڵاوتنی ڕۆژانە لە 50 هەزار بەرمیلەوە بۆ 140 هەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگە کرد کە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق و لیژنەی نەوت و گازی پەرلەماندا کرابوون، ئێستاش لە چاوەڕوانیی بڕیاری کۆتایی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقدان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم کێشەیە و جەختیشی کردەوە لەسەر پابەندبوونی تەواوی هەرێمی کوردستان بە هەر بڕیارێک لە بەغداوە دەربچێت.
بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە مانگی ئازاری ساڵی 2023وە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی پاریس بە فەرمی ڕاگیرا، لەو کاتەوە حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستیی نێوخۆیی و پاڵاوتنی بەنزین، پشت بە کێڵگە ناوخۆییەکان دەبەستێت.