عێراق پلەی سێیەمی بەدەست هێنا لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە سەردانی تورکیایان کردووە؛ تەنیا لە ماوەی یەک مانگدا زیاتر لە 131 هەزار سەردانیکەری عێراقی تۆمار کراون.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی گەشت و گوزاری تورکیا، عێراق لە مانگی تەممووزی ئەمساڵدا پلەی سێیەمی بەدەست هێناوە لە نێو ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین گەشت دەکەن بۆ تورکیا.
بە بەراورد بە تەممووزی ساڵی 2025 کە تێیدا 121 هەزار و 191 گەشتیاری عێراقی سەردانی تورکیایان کردبوو، ئەمساڵ لە هەمان مانگدا ڕێژەکە بە 8.59% بەرز بووەتەوە؛ بە جۆرێک 131 هەزار و 607 گەشتیاری عێراقی سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئێران بە 322 هەزار و 256 سەردانیکەر لە پلەی یەکەمدایە، لە دوای ئەویش سعوودیە بە 191 هەزار و 125 سەردانیکەر دێت و عێراقیش پلەی سێیەمی ڕیزبەندییەکەی گرتووە.
هاوکات لەسەر ئاستی ئاسیا، کۆی ژمارەی سەردانیکەرانی تورکیا لە مانگی تەممووزی 2026دا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس بووە، کە بە بەراورد بە مانگی تەممووزی 2025 بە ڕێژەی 10.4% زیادی کردووە.