گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە شاری هەولێر 70%ی کارەکانی تەواو کراوە؛ بەمەش پێش وادەی دیاریکراو دەکرێتەوە.

 

ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوبوونی 70%ی کارەکانی گەورەترین نەخۆشخانەی شێرپەنجەی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق لە هەولێر ڕاگەیاند؛ بڕیارە پێش وادەی دیاریکراو، کارەکانی بگەیەنرێتە قۆناغی کۆتایی، ئەمەش بە هەنگاوێکی گرنگ لە کەرتی تەندروستیی گشتیدا دادەنرێت.

 

بەگوێرەی ئەو وردەکارییانەی لەبارەی نەخۆشخانەکەوە بڵاو کراونەتەوە، ئەم پڕۆژە ستراتیجییە توانای لەخۆگرتنی 150 قەرەوێلەی هەیە و لەسەر ڕووبەری 30 هەزار مەتر دووجا بنیاد دەنرێت؛ نەخۆشخانەکە نوێترین تەکنەلۆجیای سەردەم، سەرجەم پشکنینەکان و بەشی فریاکەوتنی خێرای تایبەت بە خۆی لە خۆ دەگرێت.

 

هاوکات لە ڕووی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە، نەخۆشخانەکە دەبێتە ناوەندێکی گشتگیر و کۆمەڵێکی فراوان لە چارەسەرە پێشکەوتووەکان بۆ نەخۆشان فەراهەم دەکات؛ لەوانەش: نەشتەرگەری، چارەسەری کیمیایی، چارەسەری تیشکی و چارەسەرکردن بە تیشکی ناوەکی.

 

ئەم پڕۆژە گرنگە بە تەواوی لە لایەن دەستی کاری ناوخۆییەوە جێبەجێ دەکرێت. پڕۆژەکە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2024دا بەردی بناغەی بۆ دانراوە؛ هەرچەندە وادەی تەواوبوونی سێ ساڵ بوو، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی کارکردن تێیدا، پێشبینی دەکرێت بەر لە وادەی خۆی کارەکانی تەواو بکرێن و بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.