کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی بەغدا، بە نیازن لە سەرەتای مانگی داهاتوودا سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکان دابخەن؛ ئەم بڕیارەشیان وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان لە لایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دێت.
ئەمڕۆ زارغام شوەیلی، سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی بەغدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتوودا خاوەن مۆلیدەکان سەرجەم مۆلیدە ئەهلییەکانیان لە عێراق دادەخەن. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە وەک ناڕەزایەتییەکە بەرامبەر بە پاڵپشتینەکردنیان لە لایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق.
سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکان دەڵێت: "لە میانی کۆبوونەوەمان لەگەڵیدا، عەلی زەیدی ڕێنماییی دابوو کە پێویستە سووتەمەنی (نەوتی سپی) بۆ سەرجەم مۆلیدەکان دابین بکرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و هیچ کام لەو پاڵپشتییانە بوونیان نییە کە پێشتر سەرۆک وەزیران ئاڕاستەی کردبوون."
سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی بەغدا لە کۆتاییدا ئاماژهی بهوهداوه، تێچووی گواستنەوە دەخرێتە سەر نرخی سووتەمەنی، بەوەش کۆی تێچووی هەر لیترێک دەگاتە 450 دینار تا ئەو کاتەی دەگاتە دەست خاوەن مۆلیدەکە، ئەمەش بارگرانیی دارایی دروست دەکات.