بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.4 پلە بەپێوەری ڕێختەر ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانی هەژاند و چەقەکەشی لە نزیک شاری کەلار تۆمار کرا.

 

ئه‌مڕۆ سیروان ساڵح، شارەزای کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 10:15ی بەیانیی ئەمڕۆ شەممە بەکاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.4 پلە بەپێوەری ڕێختەر و لە قووڵایی 15 کیلۆمەتر لە ژێر زەوی، ناوچەی نێوان کەلار و قەسرشیرینی هەژاندووە، چەقی بوومەلەرزەکە لە نزیک ناحیەی قۆرەتوو بووە بە دووریی 20 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی شاری کەلار.

 

ئەم چالاکییە نوێیە دوای جووڵەیەکی بەهێزی پلێتی تەکتۆنیی عەرەبی دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ڕوودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 6 پلە لە باشووری یەمەن دەستی پێکرد، ئەم جووڵەیە زەبر دەخاتە سەر پلێتەکانی زاگرۆس و تۆرۆس، بەو هۆیەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕی نێوان 3 تاوەکو 5 پلە لە ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژهەڵاتی عێراق، هەرێمی کوردستان، ئێران، تورکیا و سووریا هەیە.

 

بەپێی ئامارە فەرمییەکانی مانگی تەمووزی ڕابردوو، 26 بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون کە زۆربەیان لە پارێزگای سلێمانی بوون، بەهێزترینیان لە دەڤەری گەرمیان بە گوڕی 3.9 پلە بە دووریی 4 کیلۆمەتر لە باکووری کەلار تۆمار کراوە، هەروەها بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 5.2 پلە لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک کەلار لە دیوی ئێران تۆمار کرابوو.