ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پلان بۆ بڕینی یارمەتییە سەربازییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دادەنێت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری کشانەوەی تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق.

 

ئەمڕۆ ماڵپەڕی بی بی سی لە زاری چوار سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە کۆبوونەوەکانی ئەم دواییانەدا بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە، ئیدارەی ترەمپ نایەوێت ئەو ڕێککەوتننامە ئەمنییە نوێ بکاتەوە و چیتر هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆ پێشمەرگە دابین ناکات، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە، ماوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوولا لە 30ی ئەیلوولی داهاتوودا کۆتایی دێت.

 

هاوکات سەرچاوەیەکی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات، تا ئێستا ئەمریکا یان هێزەکانی هاوپەیمانان هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی فەرمییان سەبارەت بە کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانیان نەداوە، هەروەها دوو قۆناغی دیکەی یارمەتیی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگەکانی هەشت و نۆ ماوە و چاوەڕوان دەکرێت بگاتە وەزارەتی پێشمەرگە.

 

بە پێی هەمان سەرچاوە، ئەندامانی گرووپی «مەناک» کە لە ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا و هۆڵەندا پێکدێت، لەسەر بەردەوامبوونی هاوکارییەکان بە شێوازێکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا گفتوگۆ دەکەن، ئەڵمانیا دوای کشانەوەی هاوپەیمانان لە 30ی ئەیلوولدا، بە شێواز و ناونیشانێکی جیاواز دووبارە هاوکاری لەگەڵ پێشمەرگەدا دەست پێ دەکاتەوە، لە کاتێکدا بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە بەهۆی دۆخی نائارام و ئاڵۆزیی ناوچەکەوە، داوای مانەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانانیان لە هەرێمی کوردستاندا کردووە.

 

بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی بی بی سی، پێشمەرگە لە ساڵی دارایی 2026دا، بڕی 61 ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی چەک، مەشق و ڕاهێنان و مووچە لە پێنتاگۆنەوە وەرگرتووە، بەڵام بۆ ساڵی دارایی 2027 سەرجەم یارمەتییەکان ڕادەگیرێن، هاوکات لەگەڵ بڕینی ئەم یارمەتییانەدا، بڕیارە لە کۆتایی مانگی داهاتوودا دوایین بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا دابخرێت، ئەمەش دوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی هاوپەیمانان دێت لە عێراق، کە وابڕیارە پرۆسەی دەرچوونی تەواوی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە دەست پێ دەکات.

 

بەرپرسان و پسپۆڕانی ئەمنی دەڵێن، بڕینی ئەم هاوکارییە زیان بە هاوبەشێکی مێژوویی ئەمریکا دەگەیەنێت و پەیامێکی خراپ بۆ هاوپەیمانەکانی تری واشنتۆن دەنێرێت.

 

یەریڤان سەعید، بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی جیهانیی کورد بۆ ئاشتی لە زانکۆی ئەمریکی بە کەناڵی بی بی سی ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ ئێران، چین و ڕووسیا، چونکە کورد بە تەواوی لەبەردەم هەڕەشە دەرەکییەکاندا بێدەسەڵات دەکات.

 

یاداشتی لێکتێگەیشتنی سەربازی لە نێوان پێنتاگۆن و وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2016دا واژۆ کرا و لە ساڵی 2022دا، بە ئامانجی هاوکاریکردنی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعشدا نوێ کرایەوە.