سەرۆکی ئەمریکا واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نەوتیی لەگەڵ ڤەنزوێلا ڕاگەیاند کە قەبارەکەی بە 65 ملیار بەرمیل دەخەمڵێندرێت؛ هاوکات سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا ڕێککەوتنەکە بە مێژوویی وەسف دەکات.

 

ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند: لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری (جەنگ) و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی کاتیی ڤەنزوێلا، توانراوە پشکی یەدەگی نەوتی ڤەنزوێلا کە زیاتر لە 65 ملیار بەرمیلە، بەدەست بهێنرێت و کۆنتڕۆڵ بکرێت.

 

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم هەنگاوە بە بێ تێچوونی باجدەرانی ئەمریکی و لە ڕێگەی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ کراوە؛ ئامانجی سەرەکیشی دابەزاندنی نرخی سووتەمەنییە لە ناوخۆی ئەمریکادا.

 

هاوکات دێڵسی ڕۆدریگێز، سەرۆکی کاتیی ڤەنزوێلا، ڕێککەوتنەکەی بە مێژوویی ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە دەبێتە هۆی بوژانەوەی ئابووریی وڵاتەکەی.

 

لە لایەکی ترەوە، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند: ئەم ڕێککەوتنە بەشێکی گەورە لە پاشەکەوتی نەوتی ڤەنزوێلا دەداتە ئەمریکا و نرخی گاز لە وڵاتەکەدا دابەزێنێت. بۆ گەلی ڤەنزوێلاش دەبێتە هۆی ڕاکێشانی نزیکەی 100 ملیار دۆلار وەبەرهێنان و دروستکردنی هەزاران هەلی کار بە مووچەی بەرز، هەروەها پشتیوانی لە پرۆسەی بنیاتنانەوەی ئابووریی ڤەنزوێلا دەکات.

 

ئەم ڕاگەیاندنە لە دوای ئەنجامدانی دانوستانێکی چەند هەفتەیی لە نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلا دێت. ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەدات بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەستیان بە ژمارەیەک کێڵگەی نەوتیی ڤەنزوێلا بگات و گواستنەوەی نەوتی خاوی بەرهەمهاتوو بۆ ئەمریکا دڵنیا بکاتەوە.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 3ی کانوونی دووەمی 2026دا، بە فەرمانی ترەمپ، هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامدا و بەهۆیەوە نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتەیان دەستگیر کرد؛ ناوبراو لە ئێستادا لە نیویۆرک بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر دادگایی دەکرێت.