پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان چڕ دەکاتەوە و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا دەکات.
ئەمڕۆ مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی زۆر نزیکدا مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوانەش کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و دەستپێکردنی ڕێکارە فەرمییەکانە بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
گوتەبێژی پارتی ئاشکرای کرد، سەرەتا شاندی هەردوولا کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجام دەدەن و دواتر کۆبوونەوەی لووتکە لە نێوان سەرکردایەتیی هەردوولادا ساز دەکرێت، ناوبراو لەبارەی ئەنجامی لێکتێگەیشتنەکانەوە ئاماژەی بەوە کرد، پێش ڕووداوەکان ناکەون و کاتێک گفتوگۆکان دەستیان پێ کرد، دەتوانرێت بە ڕوونی قسە لەسەر ئەنجام و بڕیارە بەدەستهاتووەکان بکرێت.
مەحموود محەممەد سوپاسی هەوڵەکانی ئەو لایەنە سیاسییانەی کرد کە ڕۆڵیان هەبووە لە شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی و نیشتمانیدا، هاوکات لەبارەی وادەی هەڵبژاردن و ماوەی یاسایی پەرلەمانەوە ڕوونی کردەوە، ئەگەر بگەینە بڕوایەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێ، پێویست ناکات پێشوەختە ماوەکە دیاری بکرێت، بەڵکو ئەو بابەتە لە کاتی خۆیدا بڕیاری لەسەر دەدرێت.
هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان، بەهۆی ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لەسەر دابەشکردنی پۆستەکان، لە دۆخێکی چەقبەستووی سیاسیدا ماوەتەوە و هێشتا کابینەی نوێی حکومەت پێکنەهێنراوە.