حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی بە نرخی 750 دینار فراوانتر دەکات و سیستمی ئەلیکترۆنیی دابەشکردنەکەش لە پارێزگای هەولێر دەچێتە قۆناغێکی نوێوە.

 

ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری لە 103 بەنزینخانەی سەرانسەری هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و لەم چوارچێوەیەشدا سێ ملیۆن و 708 هەزار لیتر بەنزین دابین کراوە، هاوکات لە شاری هەولێر کارتی سووتەمەنیی ژمارە چوار کارا کراوە و لەمڕۆوە کاریگەریی کارتی ژمارە سێ کۆتایی پێهاتووە.

 

لە سنووری پارێزگای هەولێر یەک ملیۆن و 296 هەزار لیتر بەنزین لە 36 بەنزینخانەی جیاوازدا دابەش دەکرێت، پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 32 هەزار ئۆتۆمبێل لەم پشکە سوودمەند بن، لەسەر ئاستی سەرانسەری هەرێمی کوردستانیش، تەنها لەمڕۆدا نزیکەی 93 هەزار ئۆتۆمبێل پشکی خۆیان لەم سووتەمەنییە وەردەگرن.

 

بەپێی سیستمی نوێ، هەفتانە هەر ئۆتۆمبێلێکی تایبەت مافی وەرگرتنی 40 لیتر بەنزینی هەیە و ئۆتۆمبێلی تەکسییش دەتوانێت هەفتانە دوو جار سوودمەند بێت، ئامارەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نیشانی دەدەن، هەفتەی ڕابردوو 26 ملیۆن لیتر بەنزینی پاڵپشتیکراو دابەش کراوە، لەو چوارچێوەیەدا 650 هەزار ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سوودمەند بوون، لەو بڕەش نزیکەی هەشت ملیۆن و 450 هەزار لیتری لە هەولێر بەسەر 211 هەزار ئۆتۆمبێلدا دابەش کرابوو.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنیی بازرگانی، بڕیاری دابینکردنی بەنزینی جۆری نۆرماڵی بە نرخی 750 دینار دا و بۆ ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەقاچاخبردن، سیستمی کارتی ئەلیکترۆنیی کارا کرد.