وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە شێوازێکی فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای وەزیری پێشووی دارایی عێراقی دا و ڕێگری لە چوونەژوورەوەی بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی دەکات.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تۆڕی ئێکس، بە شێوازێکی فەرمی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراقی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "ئێمە ڕێگە نادەین کەسانی گومانلێکراوی تیرۆریست لە وڵاتەکەماندا نیشتەجێ بن".
ئەم بڵاوکراوەیە دوای ئەوە دێت، دوێنێ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە ئاشکرای کرد، ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق بە فەرمی هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت، ناوی ناوبراو لەلایەن فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای) بە تۆمەتی دابینکردنی دارایی بۆ گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی ئێران لە عێراقدا خراوەتە نێو لیستی چاودێری تیرۆرەوە، بەمەش چیتر ناتوانێت گەشت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات.
تەیف سامی لە ساڵی 2022 لە مەراسیمێکی فەرمیدا، خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی ژنانی لەلایەن ئانتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا پێبەخشرا و بەهۆی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە داڕشتنی بودجەی عێراقدا بە (ژنی ئاسنینی عێراق) ناوبرا.