ئیدارەی ترەمپ سووریای لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتی تیرۆر دەرهێنا و هیوای وایە ئەحمەد شەڕع لە مۆسکۆ و تاران دوور بکەوێتەوە، واشنتن دەیەوێت دیمەشق و تەلئەبیب بگەنە ڕێککەوتنی ئاسایش و ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان.

 

ڕۆژی دووشەممە ئیدارەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سووریا چیتر لە لیستی ڕەشی وڵاتانی تیرۆردا نییە. ئەم بڕیارە مێژووییە دوای ئەوە هات کە حکومەتەکەی شەڕع بەڵێنی نووسراوی داوە چیتر پشتگیریی تیرۆری نێودەوڵەتی نەکات.

 

ئەحمەد شەڕع، فەرماندەی پێشووی قاعیدە کە ترەمپ بە 'گەنجێکی سەرنجڕاکێش' ناوی دەبات، لە ساڵی 2024ەوە دەسەڵاتی دیمەشقی گرتووەتە دەست، شەڕع توانیویەتی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات لادات و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و حیزبوڵا بپچڕێنێت.

 

مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرای كردووه‌، لادانی سووریا لە لیستی تیرۆر دانپێدانانە بە هەنگاوە ئەرێنییەکانی دیمەشق، هه‌روه‌ها سووریا ئێستا ئەندامە لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و گرووپی هەیئەی تەحریری شامی هەڵوەشاندووەتەوە.

 

هەرچەندە واشنتن گەمارۆکانی لابردووە، بەڵام شەڕع هێشتا پەیوەندی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین دەپارێزێت، تەنیا 48 سەعات دوای بڕیارەکەی ئەمریکا، شەڕع و پوتین دەربارەی داهاتووی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا قسەیان کرد.

 

به‌پێی ڕاپۆرتێكی كه‌ناڵی 'الحوره‌ دیمەشق ڕەزامەندی دەدات کە هاوردەکردنی نەوتی ڕووسیا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە، ئەمە وەک بەشێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ باشکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکان دەبینرێت.

 

لە لایەکی دیکەوە، هەوڵەکانی واشنتن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دیمەشق و ئیسرائیل بەردەوامن، ڕۆژی یەکشەممە وەزیرانی دەرەوەی سووریا و ئیسرائیل لە ئوردن بە چاودێریی ئەمریکا کۆ بوونەوە.

 

ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە لە هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی سووریا. دیمەشق داوا دەکات ئیسرائیل هێرشەکان ڕا گرێت و ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە کە دوای ڕووخانی ئەسەد کۆنترۆڵی کردوون.

 

سووریا لە ساڵی 1979ەوە لە لیستی تیرۆری ئەمریکا بووە و یاسای قەیسەریش لە ساڵی 2025 کۆتایی پێ هێنرا، واشنتن دەیەوێت سووریا ببێتە بەشێک لە سیستەمی نوێی ئاسایشی ناوچەکە.