بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق داوای دادگاییکردنی تەیف سامی دەکات و بە خراپترین وەزیر لە مێژووی عێراقدا لە قەڵەم دەدات.

ئەمڕۆ مەسعود حەیدەر، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارای عێراق بە شکستخواردووترین وەزیر لە بەڕێوەبردنی دارایی لە مێژووی عێراقدا لە قەڵەم دا.

مەسعود حەیدەر جەختی کردەوە کە تەیف سامی لە ماوەی دەستبەکاربوونیدا عێراقی خستووەتە ژێر قەرزی 200 ترلیۆن دینار و 140 ملیار دۆلاریشی بەهەدەر داوە، بۆیە دەبێت دادگایی بکرێت.

ئەمە لە کاتێدایە، ئەمڕۆ کەناڵی فۆکس نیوز لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرای کرد، وەزارەتەکە ڤیزای تەیف سامی هەڵوەشاندووەتەوە و ناوبراویان خستووەیە لیستی چاودێری بۆ تیرۆر،  کە سەر بە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای)ـیە.



 پێشووتر لە دوای 'هەڵمەتی بەرەبەیان' لە عێراق بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق تێوەگلا بوون، دەنگۆی دەستگیرکردنی تەیف سامی بڵاوبوویەوە، بەڵام نووسینگەی ناوبراو ئەم دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە، بەپێ زانیارییە نافەرمییەکانیش، تەیف سامی عێراقی جێهێشتووە.