هەژمار و پشکی زیاتر لە 10 بەرپرسی عێراق بلۆک کرا و فەرمانی دەستبەسەر داگرتنی سەروەت و سامانەکەشیان دەرکرا.

ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق نووسراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و تێیدا دادگای کەرخ بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی 12 بەرپرس و پەرلەمانتاری عێراقی دەرکردووە، کە لە کەیسی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق تێوەگلا بوون، هاوکات هەژمار و پشکی ئەو 12 بەرپرس و پەرلەمانتارەش بلۆک کراون.

بەگوێرەی نوسراوەکە، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی ڕێگری لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی دارایی ئەو 12 بەرپرسە دەکەن، بانکی ناوەندی داوای لە سەرجەم بانکەکانیش کردووە بەزووترین کات لایەنی دادوەریی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە لە کاتی دۆزینەوەی هەر هەژمار و پارەیەك بۆ ناوبراوان بگەڕێتەوە.

لە نوسراوەکەدا ناوی چەندین پەرلەمانتار و بەرپرسی پێشوو هەیە، وەک ئەشواق سالم جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، کە پێشووتر لەگەڵ هاوسەرەکەی لە هەولێر دەستگیرکران و دواتر ڕادەستی هێزەکانی عێراق کرانەوە. زیاد جەنابی، بەڕێوەبەری نوسینگەی عەدنان جومەیلی کە ئەویش لە هەولێر دەستگیرکرا بوو. عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری سەر بەلیستەکەی سوودانی.