ئەمریکا هەڵوێستی نوێ بەرامبەر بە تەیف سامی دەنوێنێت و چیتر ناوبراو ناتوانێت سەردانی وڵاتەکە بکات.
ئەمڕۆ بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند، ڤیزای تەیف سامی، وەزیری پێشووی دارای عێراق هەڵوەشێندراوەتەوە، چونکە ناوی خراوەتە نێو لیستی چاودێری ئەمریکا بۆ تیرۆر، کە سەر بە فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (ئێف بی ئای)ـیە.
بەگوتەی ئەم بەرپرسەی ئەمریکا، تەیف سامی چیتر ناتوانێت سەردانی ئەمریکا بکات، ئەمەش سوپرایزێکی گەورەیە چونکە تەیف سامی لە ساڵی 2022 لە سەردەمی کابینەی حکومەتەکەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بەرزترین خەڵاتی بۆ ئافرەت پێبەخشرا بوو.
دیلان جۆنسن، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری گشتیی جیهانی دەڵێت: "لە کاتێکدا وەزارەتی دەرەوەی بایدن بە شەرمەزارییەوە ڕێز و خەڵاتی دەبەخشییە ئەو بێگانانەی هەڕەشە لە نەتەوەکەمان دەکەن، وەزارەتی دەرەوەی ترەمپ ڤیزاکانیان هەڵدەوەشێنێتەوە و دڵنیا دەبێتەوە لەوەی ئەم کەسانە لە وڵاتەکەمان دەردەکرێن."
لە ساڵی 2022 تەیف سامی لە مەراسیمێکی فەرمیدا خەڵاتی نێودەوڵەتیی ئازایەتیی پێبەخشرا و لەلایەن ئانتۆنی بلینکین، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا بە 'ژنی ئاسنینی عێراق' ناوی بردرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە رووبەڕووی گەندەڵی و بەرتیلوەرگرتن بووەتەوە لە داڕشتنی بودجەی عێراقدا.
ئەمە لە کاتێکدایە، پێشووتر لە دوای 'هەڵمەتی بەرەبەیان' لە عێراق بۆ دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی لە دۆسیەی گەندەڵی عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق تێوەگلا بوون، دەنگۆی دەستگیرکردنی تەیف سامی بڵاوبوویەوە، بەڵام نووسینگەی ناوبراو ئەم دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە.
لە ئێستادا دەسەڵاتی دادوەری عێراق بەفەرمی ناوی تەیف سامی خستووەتە لیستی داواکراوان لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی گەندەڵییەکەی عەدنان جومەیلی، بەڵام دەنگۆیەکان باس لەوە دەکەن کە ناوبراو عێراقی جێهێشتووە و لە دەرەوەی وڵات دەژی.