دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی هاوبەشیان لە پێناو پاراستنی سامانی گشتی و یەکخستنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بڵاو کردەوە؛ تێیدا هەردوولا پابەندبوونی خۆیان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان بەپێی دەستوور و بەدواداچوونی یاسایی بۆ تۆمەتباران دووپات کردەوە.

ئەمڕۆ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند، هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر کارکردنی هاوبەش بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن و بڕیارە دادوەرییەکان دژی گەندەڵکاران و جەختیان لەوە کردەوە، هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ گەندەڵکاران و پارە دزراوەکان لە هیچ ناوچەیەکی عێراقدا بوونی نابێت.

ئەم هەماهەنگییە بەپێی یاسای ژمارە 30ی ساڵی 2011ی هەموارکراوی فیدراڵی و یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2011ی هەموارکراوی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هەردوو دەستەکە سوپاسی پاڵپشتی بەردەوامی سەرۆکایەتی کۆمار، سەرۆکایەتی هەرێم و دەسەڵاتەکانی دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکردنیان کرد لە پشتگیریکردنی هەوڵەکانی چاودێری و گەڕاندنەوەی دارایی گشتی بۆ گەنجینەی دەوڵەت.

هەروەها هەردوولا لەسەر پەرەپێدانی پڕۆگرامی ڕاهێنان، هۆشیاری و خۆپارێزی هاوبەش ڕێککەوتن تاوەکو ئاستی کارایی دەزگا چاودێرییەکان بەرزتر بکەنەوە، هاوکاری نێوان بەغدا و هەولێر دەبێتە هۆی بەهێزبوونی متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار و ئارام بۆ وەبەرهێنان و گەشەی ئابووری نیشتمانی.