پرسی سازنەکردنی ئاهەنگی فەرمی بۆ یادی مەولوودی پێغەمبەر لە لایەن وڵاتی سعودیە، بابەتێکی جێی سەرنجی هەمیشەیی جیهانی ئیسلامییە.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی 25ی ئابی 2026 یادی لەدایکبوونی مەولوودی پێغەمبەری ئیسلام، حەزرەتی محەممەد (د.خ)ـە لە جیهاندا، بەڵام جیاواز لە وڵاتانی موسڵمان، وڵاتی سعودیە کە کەعبەی پیرۆز و شاری مەدینەی تێدایە، ئەم یادە ناکاتەوە و لەم ڕۆژەدا هیچ ئاهەنگێک یان چالاکییەک بەبۆنەی ئەم یادەوە ئەنجام نادات.
ئەنجامنەدانی یادی مەولوود لە سعودیە، ڕەگ و ڕیشەی بۆ هاوپەیمانیی مێژوویی ساڵی 1744ی نێوان محەممەد بن سعود، دامەزرێنەری یەکەم دەوڵەتی سعودی و محەممەد بن عەبدولوەهاب، دامەزرێنەری وەهابییەت دەگەڕێتەوە، کە ئەم جۆرە ئاهەنگانەیان بە داهێنراو لە دیندا دەزانی، چونکە لە سەردەمی پێغەمبەر و هاوەڵاندا بەم شێوازە بوونی نەبووە.
مێژوونووسان ئاماژە بەوە دەکەن مێژووی ئاهەنگی فەرمیی مەولوود بۆ سەردەمی دەسەڵاتی فاتیمییەکان لە میسر لە سەدەی 10ی زایینی دەگەڕێتەوە و دواتر ئەم نەریتە لە زۆربەی وڵاتانی ئیسلامی بڵاوبوویەوە، لە کاتێکدا زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی ئەم ڕۆژە دەکەنە پشووی فەرمی، سعودیە لەسەر هەڵوێستی ڕەتکردنەوەی فەرمیبوونی ئەم یادە بەردەوامە؛ هەرچەندە لە ناوخۆی وڵاتەکەدا هەندێک هاووڵاتی بە شێوەی کەسی و خێزانی یادی دەکەنەوە.
سەرەڕای گۆڕانکاری و چاکسازییە کۆمەڵایەتییەکانی ساڵانی دوایی لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی 2030، هێشتا حکومەتی سعودیە هیچ گۆڕانکارییەکی لە پێگەی فەرمیی ئەم یادەدا نەکردووە، مەککە و مەدینە وەک دوو شاری پیرۆزی موسڵمانان لە ژێر دەسەڵاتی ئەم وڵاتەدان، بەڵام سیاسەتی فەرمیی دەوڵەت تەنها لەسەر خزمەتکردنی زیارەتکاران چڕبووەتەوە، نەک ئەنجامدانی ڕێوڕەسمی مەولوود.
جێگەی سەرنجە پێش ساڵی 1925 هەندێک ڕێوڕەسمی مەولوود لە مەککە و مەدینە بوونی هەبوو و کۆمەڵێک چالاکی ئەنجام دەدران، بەڵام دوای دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی سعودیە، سەرجەم ئەو ئاهەنگانە لە چوارچێوەی سیاسەتی فەرمیی دەوڵەتدا قەدەغە و سنووردار کران.
وەهابییەت ڕێبازێکی ئیسلامی سونییە لە سەدەی 18ی زایینی لە عەرەبستان لەلایەن محەممەد بن عەبدولوەهاب دامەزرا؛ ئەم ڕێبازە بانگەشە بۆ گەڕانەوە بۆ بنەما سەرەتاییەکانی ئیسلام و پابەندبوون بە قورئان و سوننەت دەکات و دژی ئەو ڕێوڕەسم و نەریتانەیە کە پێی وایە لە سەردەمی پێغەمبەر (د.خ) و هاوەڵاندا نەبوون.