بە مەبەستی تاوتوێکردن و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ کێشەی سووتەمەنی و بەنزین لە هەرێمی کوردستان، شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکان چووە بەغدا.
ئەمڕۆ شاندێکی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد، بەمەبەستی تاوتوێکردن و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ گرفتی سووتەمەنی و بەنزین لە هەرێم.
بەپێی زانیارییەکانی پایتەخت، سەردانەکە تایبەتە بە کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو لێژنە کاتییەی پەرلەمانی عێراق کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی پێکهێنراوە.
لێژنەی پەرلەمانی عێراق جەخت لە جێبەجێکردنی دادپەروەری دەکاتەوە، جێبەجێکردنی ئەو ماف و پشکانەی سووتەمەنی بە پێویست دەزانێت کە بۆ پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوور دابین دەکرێن، بە هەمان شێوە و بێ جیاکاری بۆ هەرێمی کوردستانیش دابین بکرێن.
سەردانیکردنەکەی شاندی هەرێم بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، پێشووتر وەزیری نەوتی عێراق داواکارییەکی هەرێمی بۆ دابینکردنی بەرهەمی 150 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بە نرخی پاڵپشتیکراو ڕەتکردبوویەوە.