شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەستراوەتەوە بە دابەشکردنی مووچەی عێراق و لە دوای پرۆسەکەی بەغدا، ڕەوانەی هەرێم دەکرێت.
سروە محەممەد، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ پایتەخت میدیا دڵنیایی دایە مووچەخۆران کە مووچەی مانگانە مسۆگەرە و ئاماژەی بەوە کرد، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشکردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی عێراق دەکرێت، لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەکەش دەست بە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی دەنگۆکانی دواکەوتنی مووچەی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، مووچە ناکرێتە 45 ڕۆژ جارێک و ڕەوشەکە کاتییە، هەر کاتێک حکومەتی عێراق پارەی نەختینەی کۆکردەوە، مانگانە دەست بە دابەشکردنی دەکات.
سروە محەممەد جەختیشی کردەوە، ئەو بارودۆخە ئابوورییەی بەهۆی جەنگەوە بەسەر عێراقدا هاتووە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمیی پارەی نەختینە (سیولە) دروست کردووە، بەڵام ئەم ئاستەنگە کاتییە و بە ئاساییبوونەوەی جووڵەی بازرگانی و کردنەوەی گەرووی هورمز کێشەکە بە تەواوی چارەسەر دەبێت.