لە کاتی لادانی زێدەڕۆییەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی باشووری بەغدا، مەفرەزەکانی ئەمنی و شارەوانی ڕووبەڕووی تەقەکردن بوونەوە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێک و کارمەندێک کوژران.
کەمێک لەمەوبەر دەستەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی فەرمیدا بۆ لادانی زێدەڕۆییەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەی دەوروبەری باشووری بەغدا، مەفرەزەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و شارەوانی ڕووبەڕووی تەقەکردن بوونەتەوە.
دەستەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق باسی لەوەکرد، لە ئەنجامی ڕووداوەکەدا ئەفسەرێک بە پلەی عەمید کە بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی ئەنجوومەنی پارێزگا بووە لە کەرخ، لەگەڵ کارمەندێک کوژراون و چوار کەسی دیکەش بریندار بوون.
دوای ڕووداوەکە، بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەرسیۆنەکانی بەغدا و بە ئامادەبوونی فەرماندە ئەمنییەکان، گەمارۆی ناوچەکە درا و دەروازەکانی داخراون.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە دەستپێکی هەڵمەتێکی فراوانی پشکنین و بەدواداچوون بۆ دەستگیرکردنی ئەنجامدەرانی تاوانەکە، گومانلێکراوێک دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.