سەرچاوەکانی ئێران بەتایبەتی ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەفەرمی بڵاویانکردەوە، سوپای پاسداران ڕێگەی بە چەندین کەشتیی نەوتهەڵگری عێراقی داوە، تاوەکو بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، هۆکارەکەش بۆ پەڕینەوەی ئەو کەشتییانە، ئاڵوگۆڕی پەیامی گرنگی دیپلۆماسی و لێکتێگەیشتنی بەغدا و تارانە.
زانیارییەکان باس لە چی دەکەن؟
ئەو زانیارییانەی بڵاو بوونەتەوە ئاماژە بەوە دەکەن، چەندین کەشتی بارهەڵگری نەوتی عێراق، توانیویانە سەرەڕای ئەو گەمارۆ و بەربەستە قورسانەی لە گەرووی هورمز هەن، بە گەرووەکەدا تێپەڕن، میدیاکانی ئێران لەمبارەیەوە دەڵێن، هۆکاری سەرەکیی پەڕینەوەی ئەو ژمارەیە لە کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی عێراق، دەگەڕێتەوە بۆ سەردانەکەی محەممەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، کە ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو، 19ـی ئابی 2026، لەگەڵ هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبوویەوە.
بۆچی کەشتییەکانی عێراق؟
سەرچاوە ئێرانییەکان سەبارەت بە ڕێگەدانی ئێران بە پەڕینەوەی کەشتییەکان بە چەندین شێوە باسیان لە تایبەتمەندیی عێراق و ڕێگەدانی سوپای پاسداران بە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییانە کردووە، زۆرترین هۆکارەکان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە پەیامی دیپلۆماسیی بەهێز لە بەغداوە بە تاران گەیشتوون، جیا لەوە ڕێکاری بەهێز و یاسایی بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تێپەڕین لە گەرووەکە لەلایەن عێراقەوە لە ئێران وەرگیراوە.
قاڵیباف و حەلبووسی باسی چییان کردبوو؟
نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پەیوەندییە ئابووری و سیاسییانەی عێراق و ئێران لێک نزیک دەکاتەوە، تایبەتمەندییەک بۆ عێراق لەبارەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە دابین بکرێت، لە بەرامبەردا قاڵیباف هەفتەی ڕابردوو باسی لەوە کردبوو، کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و عێراق بەهێزتر دەبن و چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی زیاتر دەبن.
میدیا جیهانییەکان چی دەڵێن؟
لەگەڵ ئەوەی نرخی نەوتی برێنت بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و 4 سەنت گرانتر بووە، بەشێک لە میدیا بەرچاوەکانی جیهان ئاماژە بەوە دەکەن، کە عێراق یەکەمین وڵات بووە، کە توانیویەتی بەربەستەکانی ئێران ببڕێت و کەشتییەکانی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن، ئەم بابەتە لای میدیا ئەمریکییەکان هێشتا نەخراونەتە بەر باس.
هەڵوێستی سێنتکۆم لەبارەی دۆخی گەرووی هورمزەوە چییە؟
سێنتکۆم ئاماژە بەوە دەکات، کە ڕێڕەوی 68 کەشتی بارهەڵگر لە گەمارۆی دەریایی ئێران گۆڕاون، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاشکرایکردووە: "هەوڵی چڕ دەدەین بۆ ئەوەی ئێران ڕێگر نەبێت لە گواستنەوەی جیهانی، ئێمە بە 20 کەشتی گەورە دەوری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێرانمان گەمارۆ داوە، تاوەکو بتوانین ئاسایشی بازرگانی بپارێزین."
تڕەمپ چی گوتبوو و دۆخی هورمز چۆنە؟
ترەمپ لە دواین قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردبوو، سزاکانیان بەسەر ئێراندا قورستر دەکەن، ئەوان بە تەواوی گەرووی هورمز کۆنترۆڵ دەکەن و هێزیان لەو ناوچەیەیە، جیا لەوە باسی ئەوەشی کردبوو، کە ئێران دەیەوێت ڕێککەوتن بکات بەڵام ئامادە نییە ڕێكکەوتنێکی دروست و واقیع گەرایانە بکات.