وێنەکێشی بەناوبانگی ژاپۆنی، ناسراو بە شاژنی خاڵە بازنەیییەکان، لە تەمەنی سەرووی 90 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشێتد پرێس (AP) ڕایگەیاند، ستۆدیۆی تایبەتی یایۆی کوساما بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو وێنەکێشە ژاپۆنییە لە ڕێکەوتی 14ی ئابی ئەمساڵ، لە نەخۆشخانەیەکی شاری تۆکیۆ و لە تەمەنی 97 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ستۆدیۆکە، تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی ئاشکرا نەکراوە. ئەم هونەرمەندە تا دوایین ڕۆژەکانی ژیانی بەردەوام بووە لە کارکردن و هەرگیز فڵچەکەی لەدەست دانەناوە. بەرهەمەکانی کوساما لە دیارترین مۆزەخانەکانی جیهان، وەک مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیویۆرک و مۆزەخانەی لودویگ لە ئەڵمانیا نمایش کراون.
کوساما خاوەنی شێوازێکی جیاواز بوو کە بە بەکارهێنانی نەخشە دووبارەبووەکان، بەتایبەت خاڵە بازنەیییەکان دەناسرایەوە. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو وەهم و خەیاڵانە دەگەڕایەوە کە لە منداڵییەوە دەیبینین.
ئەو لە ساڵی 1957 وەک یەکێک لە یەکەمین ژنە هونەرمەندە ژاپۆنییەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی هونەرەکەی ڕووی لە شاری نیویۆرک کرد. سەرەڕای کێشە دەروونییەکانی و مانەوەی بۆ چەندین ساڵ لە نەخۆشخانە، توانی ناوبانگێکی جیهانی بەدەست بهێنێت و لە ساڵی 2016دا خەڵاتی ڕێزلێنانی کولتووریی ژاپۆنی پێ بەخشرا.
یایۆی کوساما لە منداڵییەوە تووشی کێشەی تەندروستیی دەروونی بووبوو و زۆرجار وڕێنەی بینایی و بیستنی هەبوو؛ بە جۆرێک خاڵ و نەخشە دووبارەبووەکان لە پێش چاوی دروست دەبوون. ئەو هەمیشە دەیگوت ئەم وڕێنانە سەرچاوەی داهێنانە هونەرییەکانی بوون. کوساما لە ساڵی 1977ەوە بە خواستی خۆی لە نزیک نەخۆشخانەیەکی دەروونی لە تۆکیۆ دەژیا.
کۆمپانیا و براندە جیهانییەکانی مۆدە، وەک لویس ڤیتۆن، کاریگەریی هونەریی کوسامایان لەسەر بووە و لە دیزاینەکانیاندا سوودیان لە بەرهەمەکانی ئەو وەرگرتووە. لە ساڵی 2008دا، یەکێک لە تابلۆکانی لە زیادکردنێکی ئاشکرای کریستیزدا بە بڕی 5.8 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، کە ئەو کاتە تۆمارێکی نوێ بوو بۆ فرۆشتنی بەرهەمە هونەرییەکان.