بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە جەزائیر، زیاتر لە 10 کەس گیانیان لەدەست دا و دەیان کەسی تر بریندار بوون.

 

لەو بارەیەوە حکوومەتی جەزائیر ڕایگەیاند، لە دارستانەکانی وڵاتەکە ئاگرکەوتنەوە ڕووی داوە و بەهۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەست داوە و دەیان کەسی تریش بریندار بوون. بڵێسەی ئاگرەکە لە ناوچەکانی نیشتەجێبوون نزیک بووەتەوە، هەر بۆیە داوا لە دانیشتووانەکە کراوە بۆ خۆپارێزی ماڵەکانیان چۆڵ بکەن.

 

جەخت لەوەش دەکرێتەوە کە تا ئێستا 11 کەس بە تۆمەتی تێوەگلان لە کەوتنەوەی ئاگرەکە دەستگیر کراون، تیمەکانی بەرگریی شارستانییش بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

 

ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی ڕابردوو بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە دارستانەکانی جەزائیر، 6 کەس گیانیان لەدەست دابوو.