سەرۆکی ئەمریکا چەندین نهێنی دەربارەی دۆخی تەندروستیی ڕێبەری باڵای نوێی ئێران و پەرەسەندنی ململانێ و گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران ئاشکرا دەکات.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی گفتوگۆیی گڵێن بێک ڕایگەیاند، باوەڕ ناکات موجتەبا خامنەیی، ڕێبەری نوێی ئێران مردبێت و ئەگەر لە ژیانیشدا مابێت، ئەوا بەسەختی لە لای چەپی جەستەیدا بریندار بووە و پێدەچێت لەو کاتەوە بە دەست ئەو برینەوە بناڵێنێت.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە دانوستانکارانی ئێران گوتی: "ئەگەر ڕێبەری ئێران مردبێت، ئەوا ئەوان نمایشێکی زۆر باوەڕپێکراو دەکەن، چونکە هەمیشە باس لە گەڕانەوە بۆ لای ئەو و وەرگرتنی ڕەزامەندی و بڕیاری کۆتایی لێ دەکەن".
سەرۆکی ئەمریکا ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان واشنتن و تارانی بەستەوە بە پرسی ئەتۆمییەوە و ئاشکرای کرد، هۆکاری سەرەکیی ئەم ململانێیە بە ڕێژەی لە سەدا 99.9 ڕێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە بە گوتەی ئەو ئەوان شێتن. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا لە شەوی ڕابردوودا توانیویانە 20 بەلەمی جەنگیی ئێران لە ناو ببەن و گورزێکی کوشندە لە هێزی دەریایی ئەو وڵاتە بوەشێنن.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی لە دوای وەرگرتنی پۆستەکەی لە مانگی ئاداردا بە شێوەی مەیدانی دەرنەکەوتووە، بەڵام مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەم مانگی ئابەدا ڕایگەیاندبوو کە چاوی بە ڕێبەری نوێ کەوتووە و تەندروستیی باشە.