گوتەبێژی سوپای پاسداران ڕێککەوتنی ئێران و عومان لەسەر بابەتی دابەشکردنی داهاتی گەرووی هورمز پشتڕاست دەکاتەوە.

 

ئەمڕۆ سەردار حوسێن موحیبی، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، سەبارەت بە دوایین بارودۆخی گەرووی هورمز ڕایگەیاند، گەرووەکە بەتەواوی لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە و هیچ کەشتییەکی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارسدا بوونی نییە.

 

بە گوتەی گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران، هەموو کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لانیکەم 400 کیلۆمەتر لە گەرووی هورمز دوورکەوتوونەتەوە و هیچ کەشتییەک بێ ڕێگەپێدان و سەرپەرشتیی ئێران ناتوانێت لەم ڕێڕەوە ئاوییەدا تێپەڕێت.

 

موحیبی ئاماژەی بەوە دا، ئێران و عومان لە ماوەی مانگێکدا گفتوگۆیان لەسەر گەرووی هورمز کردووە و گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر سنووری ئاوەکان و دابەشکردنی داهاتەکانی گەرووەکە.

 

ناوبراو ئەمریکای تۆمەتبار کرد بە دروستکردنی بەربەست لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەدا و جەختی کردەوە، ئەگەر واشنتن مەرجەکانی تاران قبووڵ نەکات، گەرووی هورمز بە هیچ شێوەیەک ناکرێتەوە.