پاسپۆڕتی عێراقی لە ڕیزبەندیی باشترین پاسپۆڕتەکانی وڵاتانی جیهاندا خراپترینە و ئەم ساڵیش لە پلەی 102ی جیهاندایە. ئەو هاووڵاتییانەشی هەڵگری ئەم پاسپۆڕتەن دەتوانن بەبێ ڤیزا گەشت بۆ 28 وڵات بکەن.
بەگوێرەی نوێترین پێوەرەکانی پاسپۆڕتی هێنلی لە ڕووی ڕیزبەندیی پاسپۆڕتەکانەوە کە لە سەرەتای مانگی ئابدا بڵاوکرایەوە، پاسپۆڕتی عێراق لە پلەی سێیەمی خراپترین پاسپۆڕتەکانی جیهاندایە و پلەی 102ی گرتووە؛ ئەمەش دوای ئەفغانستان و سووریا دێت. ئەو کەسانەی هەڵگری پاسپۆڕتی عێراقین، تەنیا دەتوانن بەبێ ڤیزای پێشوەختە گەشت بۆ 28 وڵات ئەنجام بدەن.
هاوکات، ئەو وڵاتانەی کە هەڵگرانی پاسپۆڕتی عێراقی بەبێ ڤیزای پێشوەخت دەتوانن گەشتی بۆ بکەن: (لوبنان، سۆماڵ، مۆزەمبیق، ماڵدیڤ، کامبۆدیا، سریلانکا، کەیپ ڤێرد، کۆمۆرۆس، گینیا بیساو، ماکاو، ماداگاسکار، مۆریتانیا، پالاو، ڕواندا، ساموا، سینیگال، سیشێل، تیمۆری ڕۆژهەڵات، تۆگۆ، تووڤالوو، ئۆگەندا).
لە ڕووی ڕیزبەندیی دوو ساڵی ڕابردووەوە، پاسپۆڕتی عێراقی نیشاندەری بەردەوامیی دابەزینە لەنێو لاوازترین پاسپۆڕتەکانی جیهانی عەرەبی و جیهاندا، کە لە کۆی 106 وڵات لە ڕیزبەندییەکەدا، لە پلەی 101 و 104ی جیهانیدا جێی بووەتەوە.
لە بەرامبەردا، پاسپۆڕتی عێراقی تایبەتمەندیی تەکنیکی و ئەمنیی پێشکەوتووی تێدایە کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا دەگونجێت؛ لەوانە: چیپی زیرەک (چیپێکی ئەلیکترۆنی لەخۆدەگرێت بۆ پاشکەوتکردنی زانیارییە تایبەتییەکان)، پەنجەمۆر و زانیاریی کەسی کە بە شێوەیەکی کۆدکراو و پارێزراو هەڵیان دەگرێت، هەروەها لە ڕووی ئەمنییەوە بە شێوەی ئاستبەرز دیزاین کراوە کە دەستکاریکردن یان ساختەکردن تێیدا زۆر قورس دەبێت.
هاوکات پاسپۆڕتی عێراقی دەدرێت بە هاووڵاتییانی عێراق کە بە سێ زمان لەسەری نووسراوە. بۆ دەرهێنان یان نوێکردنەوەی پاسپۆڕتی عێراقی بڕی 91 هەزار دینار وەک تێچوو دیاریکراوە و بە شێوەیەکی گشتی بۆ گەشتوگوزار بەکاردێت.