ئاستی خۆشگوزەرانیی عێراق بەراورد بە وڵاتانی جیهان ئاشکرا دەکرێت. ڕاپۆرتی ڕێکخراوێکی جیهانی، پێگەی ئاستی خۆشگوزەرانیی عێراق لەنێو زیاتر لە 140 وڵاتی جیهاندا ئاشکرا دەکات.
بەپێی نوێترین داتاکانی ڕاپۆرتی خۆشگوزەرانیی جیهانی (World Happiness Report) کە هەموو ساڵێک لە ڕۆژی جیهانیی خۆشگوزەرانیدا بڵاودەکرێتەوە، عێراق لەنێوان 147 وڵاتی جیهاندا لە پلەی 95ەمیندایە بۆ خۆشگوزەرانی.
بەپێی داتاکانی ئەم ڕێکخراوە، 10 وڵاتی یەکەم بۆ خۆشگوزەرانی لەسەر ئاستی 147 وڵاتەکە بریتین لە:
فینلەندا: بۆ نۆیەمین ساڵ بەدوای یەکدا لە پلەی یەکەمە و خەڵکەکەی بەرزترین هەڵسەنگاندنی ژیانیان تۆمار کردووە.
ئایسلەندا: یەکێکە لە وڵاتە سکاندیناڤییەکان کە بەردەوام لە پلە بەرزەکانی خشتەکەدایە.
دانمارک: بە کۆمەڵگەی بەهێز و ئاستی بەرزی پشتگیریی کۆمەڵایەتی ناسراوە.
کۆستاریکا: بەرزترین پلەیە کە تا ئێستا وڵاتێکی ئەمریکای لاتین بەدەستی هێناوە.
سوید: لە وڵاتانی سەرەکیی سکاندیناڤیا لە پۆلێنکردنی خۆشگوزەرانیدا.
نەرویج: بە سیستەمی خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و ئاستی بەرزی ژیان لە گرووپی سەرەوەدایە.
هۆڵەندا: یەکێکە لە وڵاتانی ئەورووپا کە بەردەوام لەنێوان خۆشگوزەرانترینەکاندایە.
ئیسرائیل: لە پلەکانی سەرەوەی خشتەکەدا جێی خۆی پاراستووە.
لوکسەمبورگ: لەگەڵ داهاتی بەرزی تاکەکەسی و ئاستی بەرزی ژیان، لە ڕیزی 10 وڵاتی یەکەمدایە.
سویسرا: بە ئاستی بەرزی ژیان و دامەزراوە بەهێزەکانەوە لە کۆتایی 10 وڵاتی یەکەمدایە.
ڕێکخراوی خۆشگوزەرانیی جیهانی ئاستی خۆشگوزەرانیی وڵاتان تەنیا بە داهات و دەوڵەمەندی پێوانە ناکات، بەڵکوو سەرەکیترین پێوەر هەڵسەنگاندنی خودی خەڵکەکەیە بۆ ژیانی خۆیان، کە لە 0 بۆ 10 نمرەی پێ دەدرێت؛ واتە خراپترین ئاستی ژیانکردن 0 و باشترینی 10یە.
ڕاپۆرتەکە بۆ ڕوونکردنەوەی جیاوازییەکانی خۆشگوزەرانی، پشت دەبەستێت بە فاکتەرەکانی داهات، پشتگیریی کۆمەڵایەتی، تەندروستی و تەمەن، ئازادی لە بڕیاردانی ژیان، بەخشندەیی و هەستی خەڵک بە ئاستی گەندەڵی. نمرەی کۆتایی وڵاتەکان بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنەکانی خەڵک لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا دیاری دەکرێت.
ڕاپۆرتی جیهانیی خۆشگوزەرانی (World Happiness Report) لە ساڵی 2012دا دەستی بەکار کرد و یەکەمین وەشانەکەی لە کۆبوونەوەیەکی بەرزی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک پێشکەش کرا. ئەم ڕاپۆرتە هەموو ساڵێک بڵاودەکرێتەوە و ئامانجی سەرەکیی، هەڵسەنگاندنی ئاستی خۆشگوزەرانی و خۆشحاڵیی خەڵکە لە وڵاتانی جیهاندا.