دەزگای ڕێکخەری پاراستنی زانیارییەکانی بەڕازیل، بەهۆی پێشێلکاری بەرامبەر بە ماف و پاراستنی منداڵان کۆمپانیای تیکتۆکی تۆمەتبار کرد و بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار سزای دا.
دەزگاکە لە بڕیارەکەدا ڕایگەیاندووە، دوای ئەوەی حکوومەت زانیاریی دەستکەوت کە تیکتۆک داتای تایبەتیی زیاتر لە 8 ملیۆن منداڵی کۆ کردووەتەوە، کۆمپانیاکەی بە پێشێلکاریی بەرامبەر یاساکانی پاراستنی نهێنیی زانیارییەکان تۆمەتبار کرد و بەهۆیەوە بە بڕی 30 ملیۆن دۆلار سزای دا.
هاوکات، حکومەتی بەڕازیل داوا لە تیکتۆک دەکات تەواوی داتا کۆکراوەکان بسڕێتەوە، بە پێچەوانەوە ڕووبەڕووی سزای قورستری یاسایییش دەبێتەوە. بەگوێرەی بڕیارەکەی دەزگاکە، کۆمپانیاکە هێشتا دەتوانێت لە 10 ڕۆژی داهاتوودا تانە لە بڕیارەکە بدات.
ئەمەش لەکاتیێکدایە، حکومەتی بەڕازیل هەوڵی داوە بەکارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵانی خوار تەمەنی یاسایییەوە ڕێک بخات، بەڵام تا ئێستا ڕێک نەخراوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی وەک ئوسترالیا و کەنەدا و ئەندەنووسیا هەوڵی هاوشێوە دەدەن.