دەنگۆی لابردنی سفرەکانی سەر دینار بووەتە دەنگوباسی گەرمی شەقام و دڵەڕاوکێی لای هاووڵاتییان دروست کردووە، لێژنەی دارایی پەرلەمان دڵنیایی دەدات، کە تاوەکو ئێستا هیچ پڕۆژەیاسایەک لەو بوارەدا ڕەزامەندیی لەسەر نەدراوە.

ئەمڕۆ سروە محەممەد، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە پایتەخت میدیای ڕایگەیاند، لابردنی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی وەک پێشنیازێک لای لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستنیشان کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەبووەتە بڕیاری کۆتایی.

سروە محەممەد ئاماژەی بەوە کردووە، دانوستان و گفتوگۆ لە نێوان بانکی ناوەندی، لێژنەی ئابووریی پەرلەمان و وەزارەتی دارایی بەردەوامە لەسەر ئەگەری جێبەجێکردنی ئەم پێشنیازە و تاقیکردنەوەی کاریگەرییەکانی لەسەر بەهای دینار بەرامبەر دراوەکانی دیکە، بەڵام تاوەکو ئەم ساتە هیچ کۆدەنگییەک لە پەرلەمان نییە بۆ دەرکردنی پڕۆژەیاسایەک لەمبارەیەوە.

ئەو ئەندامەی لێژنەی دارایی ڕوونیکردەوە، قەیرانی دارایی لە عێراق کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر پرۆسەکە هەیە، هەروەها دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان بۆ گۆڕینەوەی دینار بە دۆلاری ئەمریکی تا ڕادەیەکی زۆر لەلایەن میدیاوە گەورە کراوەتەوە.

سروە محەممەد جەختیشی کردەوە، لەوەی تاوەکو بارودۆخی ئابووری عێراق بە تەواوی جێگیر نەبێت، بەدووری دەزانێت ئەم پێشنیازە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.