زانکۆی سەڵاحەدین ساڵنامەی نوێی خوێندن بۆ ساڵی 2026-2027 و دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندنی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ سامان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی زانکۆی سەڵاحەدین ئاشکرایکرد، بەپێی ساڵنامەی نوێی خوێندن بۆ ساڵی 2026-2027 ڕێکەوتی 1ـی ئەیلوولی 2026 دەستبەکاربوونەوە و ئامادەکاری مامۆستایانە، پێویستە سەرجەم مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین کە ژمارەیان 2 هەزار و 600 مامۆستایە، سەردانی بەش و کۆلێژەکانیان بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاگەیەندراوەکە، لە ڕێکەوتی 6 تا 12ـی ئەیلوولی 2026، تۆمارکردنی قوتابییان بۆ بەشە جیاوازەکانی خوێندن دەستپێدەکات، هەروەها لە ڕێکەوتی 13ـی ئەیلوولی 2026، پڕۆسەی خوێندن بۆ وەرزی (سێمستەر) پایزە دەستپێدەکاتەوە و پێویستە سەرجەم قوتابییان لە هۆڵەکانی خوێندن ئامادە بن و وانەکان بخوێندرێن.

سەبارەت بە پشووەکان، سامان عەبدوڵڵا ڕوونی کردەوە، زانکۆکە پشت بەو پشووانە دەبەستێت کە بە فەرمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕادەگەیەنرێن، هەر بەپێی قسەی سامان عەبدوڵڵا، قوتابییان ناتوانن ڕۆژەکانی دیکە کە پەیوەندییان بە پشووە فەرمییەکانەوە نییە، بە پشوو وەرگرن.

بۆ دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکانیش، ئۆفیسی یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ بۆ کاروباری قوتابییان لە ڕێککەوتی 1ـی ئەیلوولی 2026 تا 10ـی هەمان مانگ، دەست بە دابەشکردنی بەشە ناوخۆییەکان دەکات و سەرجەم قوتابییان دەتوانن مامەڵەی وەرگرتنی بەشە ناوخۆیی بکەن.