بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی هۆشیارکردنەوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سۆریکە لە نێو منداڵاندا دەست پێ دەکات.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی تۆمارکردنی حاڵەتەکانی نەخۆشی سۆریکە لە نێو منداڵاندا، داوا لە دایک و باوکان دەکرێت بە زووترین کات منداڵەکانیان بکوتن، بەتایبەت ئەوانەی پێشتر لە خشتەی کوتان دواکەوتوون، بۆ ئەوەی لە ئەگەری تووشبوون پارێزراو بن.

بەپێی ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، پێویستە نەخۆشەکە بۆ ماوەی 4 ڕۆژ دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی سەر پێست لە ماڵەوە یان نەخۆشخانە جیابکرێتەوە. لەم ماوەیەدا پێویستە کەلوپەلی کەسی تووشبوو وەک قاپ، کەوچک و فڵچەی ددان بەتەواوی لە ئەندامانی دیکەی خێزانەکە جیابکرێتەوە بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی ڤایرۆسەکە، هەروەها دابینکردنی ژوورێکی گونجاو بە هەواگۆڕکێی باش یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ باشترکردنی باری تەندروستی منداڵەکە.

لە کاتی تووشبووندا پرسی خۆراکی منداڵ لایەنێکی دیکەی گرنگی ئەم ڕێنماییانەیە، بە شێوەیەک دابینکردنی شلەمەنی پێویست، خۆراکی تەندروست و ڤیتامینەکان ڕێگری لە وشکبوونەوەی لەش و تووشبوون بە سکچوون دەکات. لە کاتی دەرکەوتنی نیشانە سووکەکان، چارەسەری ماڵەوە لەژێر چاودێری پزیشکدا ئەنجام دەدرێت و پێویستە چاودێری بەردەوامی باری تەندروستی نەخۆشەکە بکرێت، لە کاتی دەرکەوتنی هەر ئالۆزیەک یان تێکچوونی نیشانەکان، دەبێت خێرا سەردانی نزیکترین بنکەی تەندروستی بکرێت.

دکتۆر دلۆڤان محەممەد فاتیح جەلال، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، جەختی لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە تەندروستییەکان و میدیاکان بۆ سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە کردەوە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد پێویستە هەموو کەناڵەکان بابەتەکانی خۆپارێزی بە گرنگییەوە بڵاوبکەنەوە بۆ گەیشتنی زانیارییە دروستەکان بە هەموو خێزانێک، ئەم هەوڵە تەندروستییە هاوتەریبە لەگەڵ ئامادەکاریی تەواوی بنکەکان بۆ پێشوازیکردن لە منداڵان و دابینکردنی ڤاکسینی پێویست.

سۆریکە (Measles) نەخۆشییەکی ڤایرۆسی گوازراوەی زۆر توندە کە بە ئاسانی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، کوتان کاریگەرترین ڕێگەی پاراستنە لەم نەخۆشییە، چونکە هەم منداڵەکان لە تووشبوون دەپارێزێت و هەم ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی ڤایرۆسەکە دەکات.