دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق هۆشداریی دەداتە بەکارهێنەرانی کۆڕەک کە بەهۆی کێشەی تەکنیکیی و یاساییەوە، ئەگەری وەستانی ناردنی کۆدی دڵنیایی بۆ ژمارەکانیان لە ئارادایە.

 

ئه‌مڕۆ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق لە گشتاندنێکی فەرمیدا بە ژمارە 89 داوای لە هاووڵاتیان کردووە بۆ پاراستنی ئەکاونتە دیجیتاڵییەکانیان، ڕێکاری پێویست بگرنە بەر.

 

دەستەکە داوا دەکات بەکارهێنەران ژمارەیەکی تری ئاسیاسێڵ یان زەین بۆ ئەکاونتەکانیان زیاد بکەن، یان ژمارەی کۆڕەک بە تەواویی بگۆڕن. هەروەها جەخت لە بەکارهێنانی ئیمەیڵ و بەرنامەکانی دڵنیایی (Authentication) دەکاتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی وەستانی خزمەتگوزاریی نامە کورتەکان (SMS)، دەستگەیشتنیان بە فەیسبووک، تێلیگرام و واتسئەپ نە پچڕێت.

 

ئەم هۆشدارییە لە چوارچێوەی ڕێکارە ڕێکخستنییەکانی حکومەتی عێراق دێت بەرانبەر کۆمپانیای کۆڕەک تێلیکۆم کە ماوەیەکی زۆرە کێشەی یاسایی لە نێوانیاندا هەیە.