ئاگرکەوتنەوەیەکی گەورە لە بەشی منداڵبوونی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 10 منداڵ.

ئەمڕۆ نووسینگەی قەزای ئیسلامئاباد ڕایگەیاند، لە نهۆمی سێیەمی بەشی دایکایەتی و منداڵان لە نەخۆشخانەی پەیمانگای زانستە پزیشکییەکانی پاکستان (PIMS) ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە، بەهۆی ئەم ئاگرکەوتنەوەیەوە 14 منداڵ گیانیان لەدەست داوە، بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە بکرێت.

سوهێل ئەشرەف، سەرۆکی کۆمیسیارانی ئیسلامئاباد لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانی فریاگوزاری و پۆلیس و پسپۆڕان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە، ناوبراو ڕوونشی کردەوە، زەنگی ئاگادارکردنەوەی فریاگوزاری پێش کاتژمێر 7:00ی بەیانی بە کاتی ناوخۆ لێدراوە.

هاوشێوەی ئەم ڕووداوە، لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاگرێکی گەورە ناوەندی بازرگانی گول پلازا لە شاری کەراچی لە باشووری پاکستانی گرتەوە و بووە هۆی مردنی لانیکەم 67 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 20 کەس، ئەو ڕووداوە پرسیارگەلێکی زۆری لەسەر ئاستی پاراستن و ڕێوشوێنەکانی ئاگرکوژێنەوە لە شوێنە گشتییەکان دروست کرد.

ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە باڵەخانە گەورەکانی پاکستان بەهۆی لاوازی جێبەجێکردنی یاساکانی سەلامەتی و نەبوونی مەرجەکانی بیناسازی بە شێوەیەکی بەردەوام دووبارە دەبنەوە، لەم چوارچێوەیەدا، لە ڕابردوودا چەندین کارەساتی هاوشێوە لە شارە جیاوازەکان وەک کەرچی ڕوویانداوە و بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی.