پەیمانگەی تەکنیکیی کارگێڕیی سلێمانی بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی ئەکادیمی و پیشەیی میدیاکاران، کۆمەڵێک کورسیی خوێندن بۆ ڕۆژنامەنووسان تەرخان دەکات.
ئەمڕۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی ڕایگەیاند، بەشی تەکنیکی میدیا لە پەیمانگەی تەکنیکیی کارگێڕیی سلێمانی، 6 کورسیی خوێندن بۆ ساڵی ئەکادیمیی 2026-2027 بە شێوەی کێبڕکێ پێشکەشی ڕۆژنامەنووسان دەکات.
ئەم کورسییانە بەشێکن لە کۆی ئەو 18 کورسییەی لە پارێزگای سلێمانی بۆ سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تەرخانکراون، پرۆسەی پێشکەشکردن لە ڕۆژی یەکشەممە بەرواری 23ـی ئابی 2026 دەست پێ دەکات و دوا مۆڵەت بۆ گەڕانەوەی فۆڕمەکان ڕۆژی دووشەممە بەرواری 6ـی ئەیلوولی 2026 کاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ دەبێت.
بۆ بەشداریکردن لەم دەرفەتەدا، پێویستە پێشکەشکار ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بێت و تەمەنی لە 45 ساڵ زیاتر نەبێت، بە پێچەوانەوە مامەڵەی سیستەمی پاڕالێڵی لەگەڵدا دەکرێت، لە ڕووی ئاستی خوێندنەوە، پێویستە کاندید دەرچووی ئامادەیی بێت، بە جۆرێک 4 کورسی بۆ دەرچووانی بەشەکانی زانستی و وێژەیی و 2 کورسی بۆ بەشە پیشەییەکان تەرخانکراون.
پرۆسەی وەرگرتن تەنها لە ڕێگەی تاقیکردنەوەی لێهاتوویی نووسین و چاوپێکەوتنەوە لە لایەن لێژنەی زانستییەوە ئەنجام دەدرێت، هاوکات پێویستە پێشکەشکار دۆکیۆمێنتی چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکانیشی پێشکەش بکات، مەرجێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە پێشکەشکار نابێت لە 3 ساڵ زیاتر لە کار و چالاکییە ڕۆژنامەوانییەکان دابڕابێت و دەبێت پشتگیریی فەرمیی دەزگای میدیایی هەبێت.
هەروەها نابێت پێشکەشکار دەرچووی هیچ کۆلێژێک بێت یان ناوی لە هیچ کۆلێژ و پەیمانگەیەک سڕابێتەوە، تاقیکردنەوەی لێهاتوویی و چاوپێکەوتن لە ڕۆژی چوارشەممە بەرواری 9ـی ئەیلوولی 2026 بەڕێوەدەچێت و خوێندنەکەش لە بەشی تەکنیکی میدیا بۆ کاتی بەیانیان دەبێت.
ئەم پلانە ئەکادیمییە ساڵانە لە چوارچێوەی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ خزمەتکردنی زیارەتکاری کەرتی میدیا ڕێکدەخرێت، ئامانجی سەرەکیش پڕکردنەوەی کەلێنە تیۆری و پراکتیکییەکانی کایەی ڕاگەیاندنی ناوخۆییە لە ڕێگەی خوێندنی تەکنیکییەوە.