لە بەرەوپێشچوونێکی مێژوویی سووریا، هەڵوەشاندنەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا، ئەوەش لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکانی نێوان دیمەشق و ئیدارەی خۆسەردایە.
کەمێک لەمەوبەر مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات لە پەیامێکدا کۆتاییهاتنی ئەرکی هەسەدەی وەک هێزێکی سەربەخۆ ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە، کە ئێستا وڵاتەکە چووەتە قۆناغی بنیاتنانەوەی سووریاوە.
مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان بە تەواوی تێکەڵ بە سوپای نیشتمانیی سووریا دەبن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەیەک گۆڕانکاری و ئیداریی قۆناغی گواستنەوەدا کراون کە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
مەزڵوم عەبدی: وەک ڕاوێژکاری ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەی سووریا دیاری کراوە.
ئیلهام ئەحمەد: ئەرك و بەرپرسیارێتی لەناو دەستەی بەڕێوەبردنی ئەنجومەنی گەلی سووریا لەئەستۆ دەگرێت، بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی پەیوەست بە پێکهاتەی کورد لەناو دامەزراوەی یاساداناندا.
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە 10ـی 10ـی 2015 بە هاوکاریی ئەمریکا دروستکرا، بە ئامانجی پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی سەربازی دژی ڕێکخراوی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.