واشنتن واز لە هێرشی سەربازی دەهێنێت و لەم قۆناغەدا، جەخت لە فشاری ئابووری و کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەکاتەوە.

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس، لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی لەبارەی لێدوانێکی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشكرای کرد، کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەوڵ دەدات لەم قۆناغەدا بە تەواوی خۆی لە هێرشی سەربازی دژی ئێران بە دوور بگرێت و هەوڵەکانی لە سەپاندنی سزای ئابووری، لە ڕێگەی گەمارۆی گەرووی هورمز و ڕێکارە نوێیەکانی وەزارەتی گەنجینەی وڵاتەکە چڕ دەکاتەوە.

بەگوتەی بەرپرسێکی دیکەی ئەمریکا، کە بۆ ئەکسیۆس قسەی کردووە، ئەمریکا ئەم ڕێکارە نوێیە بەلایەنی کەم تا رێکەوتی هەڵبژاردنەکان دەگرێتە بەر، دواتر دەکرێت بابەتی هێرشی سەربازی بخرێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ، بەڵام لەم وادەیەدا ئەگەر ئێران هێرش بکات، ئەمریکا بەهەمان شێوە وەڵام دەداتەوە.

یەکێک لە هۆکارەکانی متمانە بەخۆبوونی ئەمریکا لەم شێوازە نوێیەی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز، کە بەگوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو تێپەڕبوونی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادییان کردووە، ئەمەش لە ڕێگەی تێپەڕبوون بە ڕێڕەوی باشووری گەرووەکە، کە پاڵپشتیکراوە بە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، بەمەش "ئێران کۆنترۆڵی گەرووەکەی لەدەستداوە و ناتوانێت باج بەسەر کەشتییەکان بسەپێنێت."

دۆخی ئێستای گەرووی هورمز وای کردووە، ئەمریکا سازش و دانوستان نەکات، بەگوتەی بەرپرسانی ئەمریکا، ئێران کارتی فشاری گەرووی هورمزی لەدەستداوە و هەر ڕێککەوتنێکیش لە نێوان ئێران و عومان لەسەر گەرووەکە بکرێت بەلای ئەوانەوە گرینگ نییە ( لە ئێستادا هەردوو وڵات تاوتوێی دروستکردنی ڕێڕەوێکی کاتیی هاوبەش دەکەن)، سیاسەتی ئێستای ئەمریکا تەنیا "گوشینی ئێرانە."

ئەمە لە کاتێکدایە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا سەپاندنی گەورەترین سزای ئابووری بەسەر ئێراندا ڕاگەیاند، دواتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تروس سۆشیاڵ نووسی: "ئێران بەتەواوی لە ڕووخاندایە!"

لەلای خۆیەوە ئێران جەخت لە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەکاتەوە و کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە ڕایگەیاندووە کە گەرووەکە هێشتا داخراوە و گەڕاندنەوەی هاتووچۆی ئاسایی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکە.