وەزارەتی دارایی عێراق دڵنیایی بە تەواوی فەرمانبەران دەدات، کە شایستە داراییەکانیان لە مەترسیدا نییە و بەتەواوەتی دابین کراوە.
فالح ساری، وەزیری دارایی عێراق لە میانی گفتوگۆیەکی کراوەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە شارەزا و پسپۆڕانی ئابووری، دڵنیایی دایە فەرمانبەران کە مووچەی مانگانەیان بە تەواوی دابینکراوە و هیچ پلان و مەبەستێک نییە بۆ ئەوەی دابەشکردنی مووچە بکرێتە 45 ڕۆژ جارێک.
وەزیری دارایی ئاشکرای کرد، مانگانە نزیکەی 7 تریلیۆن و 700 ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی و مووچەی فەرمانبەران تەرخان دەکرێت.
فالح ساری لە درێژەی قسەکانیدا ڕوونیکردەوە، وەزارەتەکەیان لە ئێستادا بە جددی کاری لەسەر پرۆژەی بەرزکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی پلە نزمەکان دەکات تاوەکو لەگەڵ بارودۆخی گوزەران بگونجێت.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی وەزیری دارایی جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتەکەیان تێبینی هەڵاوسانێکی گەورەی لە تێچوونەکاندا کردووە، بەو پێیەش پلانداڕێژراوە بۆ کۆنترۆڵکردنی خەرجییەکان، چارەسەرکردنی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی کارامەیی لە بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکانی وڵاتدا.