ئەمریکا، سووریای لە لیستی تیرۆر دەرهێنا، ئەحمەد شەرعیش خۆشحاڵی خۆی بە لابردنی ناوی وڵاتەکەی دەربڕی و سوپاسی ترەمپی کرد، تورکیا و قەتەریش پێشوازیان لە بڕیارەکە کرد.

ئەمڕۆ، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سورییەکان کرد و ڕایگەیاند: ''سوپاسی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتگیری لە سووریا و گەلی سووریا دەکەن، ئەمە بڕیارێکی مێژووییە''.
لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، ئەم بڕیارەی ئەمریکا بەشدار دەبێت لە هەوڵەکانی بوژانەوەی ئابووری، ئاسانکاری بۆ ئاوەدانکردنەوە، بەرزکردنەوەی سەقامگیری و ئاسایش لە سووریادا.
 

وەزارەتەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، سووریا بەوپەڕی چاوەڕوانییەوە چاوی لە قووڵکردنەوەی هاوبەشییە ستراتیژییەکان و فراوانکردنی هاوکارییەکانی لەگەڵ واشنتۆن و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەش بکات.

لەکاردانەوەکانی بڕیارەکەی ئەمریکا، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر پێشوازی کرد و ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە نوێنەرایەتی پێشهاتێکی ئەرێنی دەکات کە بەشدارە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بە ئامانجی گەیشتن بە سەقامگیری لە سووریا و ناوچەکە، بەهێزکردنی پرۆسەی چارەسەری سیاسی بەپێی بڕیارنامە نێودەوڵەتییەکان، بە شێوەیەک کە خواستەکانی گەلی سووریا بەدیبهێنێت".

لای خۆیەوە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەدا، ئەو ڕێبازە بنیاتنەرە بەرز دەنرخێنین کە لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە گیراوەتە بەر، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجی سوریایەکی ئاوەدان یەکبخات و بەرپرسیارێتی خۆی بەجێبهێنێت.

ئەمەش لە کاتێدایە، ترەمپ لە 8ی تەمموزدا، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی ناتۆ لە ئەنقەرە، سەرۆکی سووریای لە بڕیارەکەی بۆ لابردنی سووریا لە لیستی "سپۆنسەرەکانی دەوڵەتی تیرۆر" ئاگادار کردبوویەوە، بە مەرجی پێداچوونەوەی 45 ڕۆژە لەلایەن کۆنگرێسەوە بۆ کۆتاییهێنان بە بڕیارەکە، دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی لە ئاگەدارییەکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڕیارەکەی ڕاگەیاند.