دوای 11 ساڵ لە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا، ئەرکی هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ کۆتایی هات و تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا دەبێت و تۆم باراک وەک دەستپێکی سەردەمێکی نوێ بۆ سووریایەکی یەکگرتوو وەسفی دەکات.

 

کەمێک لەمەوبەر تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ عێراق و سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا پشتیوانیی واشنتۆنی بۆ پرۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا دەربڕی و ڕووداوەکەی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی ناوزەد کرد.

 

تۆم باراک ئاماژەی بەوە کرد، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پلانی بەردەوامی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ڕێگەی خۆشکردووە بۆ دیپلۆماسییەت و بونیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو بۆ تەواوی پێکهاتەکان.

 

نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ جەختی لە گرنگیی دانپێدانان بە زمانی کوردی لە سیستەمی پەروەردەدا کردەوە. 

 

تۆم باراک ڕوونیکردەوە، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای "براوە و دۆڕاو" نییە، بەڵکو گەیشتنە بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی لەنێوان لایەنەکان بۆ بەهێزکردنی سەروەریی وڵاتەکە لەژێر سایەی "یەک سوپا، یەک حکومەت، و یەک دەوڵەت"دا.