خوێندنی کوردی لە کەرکووک سیستەمی یەکپۆشینی قوتابیان بە هەمان ڕێنمایی و دیزاینی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕێک دەخاتەوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بە پشتبەستن بە فەرمانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێنمایی و دیزاینی نوێی جلوبەرگی بەیەکپۆشینی بۆ سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی 2026-2027 و ساڵانی دواتر ڕاگەیاند.

 

بەپێی نووسراوێک کە بە واژۆی کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی دەرچووە، گۆڕانکاری لە ڕەنگ و دیزاینی جلوبەرگی قوتابیان لە ناوەندە حکومییەکان بەم شێوەیە دەبێت:

 

باخچەی منداڵان: تیشێرتی نارنجی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.

 

قۆناغی بنەڕەتی (پۆلی 1 تا 6): تیشێرتی مارۆنی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی نیلی.

 

قۆناغی بنەڕەتی (پۆلی 7 تا 9): تیشێرتی نیلی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەساسی.

 

قۆناغی ئامادەیی (زانستی، وێژەیی و پیشەیی - پۆلی 10 تا 12): تیشێرتی ڕەساسی لەگەڵ پانتۆڵ یان تەنوورەی ڕەش.

 

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا هاتووە، پۆشینی جلوبەرگی وەرزشی ئارەزوومەندانەیە، هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دەستەی کارگێڕیی خوێندنگەکان بەهیچ جۆرێک مافی ئەوەیان نییە هیچ جۆرە فشارێک لەسەر قوتابیان دروست بکەن.

 

ئەم ڕێکارە نوێیە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت و خوێندنی کوردی لە کەرکووک پابەندی ڕێننماییەکانی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم دەبێت.