پاش برینداربوونی هاووڵاتییەک لە کەلار بەهۆی خستنەخوارەوەی ڕومانەیەک بۆ ناو ماڵەکەی، پۆلیسی گەرمیان توانینی یەکێک لە چوار تۆمەتبارە ڕاگەیەندراوەکە دەستگیر بکات.
کەمێک لەمەوبەر بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان بڵاویکردەوە، درەنگانێکی شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئازادیی قەزای کەلار، ڕومانەیەک ئاڕاستەی ماڵی هاووڵاتییەک بەناوی (پ - ح - م) کرا و لە ئەنجامدا خاوەنماڵەکە بریندار بوو، دوای ڕەوانەکردنی بۆ نەخۆشخانە، بریندارەکە سکاڵای یاسایی لە دژی چوار تۆمەتبار تۆمار کرد.
پۆلیسی گەرمیان باسی لەوە کرد، دەستبەجێ هێزەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەکە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد و سوودوەرگرتن لە کامێرای چاودێری، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ توانینیان یەکێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر بکەن.
لە کۆتایی دا پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوە دا، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 405/31 لە یاسای سزادان (هەوڵی کوشتن) ڕاگەیەندراوە، و هێزەکانی پۆلیس لە هەوڵ و بەدواداچوونی بەردەوامدان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دیکەی ڕووداوەکە.